وه‌ك پشتگیرییه‌ك بۆ به‌ڕێز ڕێباز حه‌ملان، وه‌زیری دارایی و ئابووریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ پرۆسه‌ی چاكسازی و ڕێكخستنه‌وه‌ی كاروباره‌كانی وه‌زاره‌تدا، كاژێر هه‌شتی سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2015/1/19، به‌ڕێزان نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران، ده‌وامی ئاساییی خۆیان له‌ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوورى ده‌ست پێكرد و سه‌رپه‌رشتیی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی وه‌زاره‌تیان له‌گه‌ڵ به‌ڕێزان وه‌زیر و ڕاوێژكاران و به‌ڕێوه‌به‌ران و به‌رپرسانی داموده‌زگاكانی وه‌زاره‌ت كرد.

له‌ سه‌ره‌تاى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ڕێز وه‌زیرى دارایى و ئابوورى، سه‌ردانى به‌ڕێزان سه‌رۆك و جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانى بۆ وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى، به‌ پاڵپشتى و هاندانێكى گه‌وره‌ و بره‌ودانێكى زیاتر بۆ ئه‌و چاكسازییه‌ له‌ قه‌ڵه‌م دا، كه‌ له‌ وه‌زاره‌ت له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌دامه‌زراوه‌ییكردنى داموده‌زگاكان و ڕێكخستنه‌وه‌ى داهاته‌كان و كه‌مكردنه‌وه‌ى خه‌رجییه‌ زیاده‌كان و ڕۆتینى كارگێڕى و پلاندانان بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ى هێزى كار و ده‌ربازبوون له‌ قه‌یرانى دارایى و بره‌ودان به‌ ئابووریى كوردستان و تێپه‌ڕاندنى ئه‌م بارودۆخه‌، به‌ هاوكاریى ڕاوێژكاران و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كان و ستافى وه‌زاره‌‌ت، ده‌ستى پێكردووه‌.

 

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كه‌ به‌و پێیه‌ى كابینه‌ى هه‌شته‌مى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كابینه‌ى بنكه‌فراوانه‌، هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى به‌شدار له‌ حكوومه‌تدا، به‌شدارییان له‌ سه‌ركه‌وتن و كه‌موكوڕییه‌كانى حكوومه‌تدا هه‌یه‌. ڕوونیشى كرده‌وه‌ كه‌ به‌هۆى گرنگیى وه‌زا‌ره‌تى دارایى و ئابوورییه‌وه‌، هه‌ر كه‌موكوڕییه‌ك له‌ وه‌زاره‌تدا، كاریگه‌ریى خێرا له‌سه‌ر ته‌واوى ژیان و گوزه‌رانى خه‌ڵك و به‌ڕێوه‌چوونى كاروبارى حكوومه‌ت هه‌یه‌.  باسى له‌وه‌ش كرد كه‌ ئامانجى وه‌زاره‌ت ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و كه‌موكوڕیانه‌ى له‌ ڕابردوودا كه‌ڵه‌كه‌ بوون، بۆ كه‌مترین ڕاده‌ كه‌م بكرێنه‌وه‌ و سیسته‌مێكى سه‌رده‌میانه‌ى سه‌ركه‌وتوو بێنێته‌ ئاراوه‌. هه‌روه‌ها سوپاسى خۆڕاگریى هاووڵاتیان و فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆران و به‌ڵێنده‌رانى كرد كه‌ به‌رگه‌ى قه‌یرانى داراییان گرتووه‌.

لاى خۆه‌یه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران له‌ وته‌یه‌كدا ته‌واوى پشتگریى خۆى و به‌ڕێز جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران و ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى بۆ به‌ڕێز وه‌زیر و وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى و ئه‌و پرۆسه‌یه‌ى بۆ چاكسازی و ڕێكوپێككردنی وه‌زاره‌ت ده‌ستیان پێكردووه‌، ده‌ربڕى. ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا كه‌ دوای ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، یه‌كه‌م گرنگترین وه‌زاره‌تى حكوومه‌ت، وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوورییه و هه‌ر كێشه‌ و گرفت و كه‌موكوڕییه‌كیش هه‌بێت، هه‌موو حكوومه‌ت و له‌ سه‌رووى هه‌مووشیانه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تیى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و خودى سه‌رۆك و جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانیش لێى به‌رپرسیارن، نه‌ك ته‌نیا وه‌زیرێك، یان حزبه‌كه‌ى.

هه‌روه‌ها ده‌ستخۆشى له‌ هه‌نگاوه‌كانى به‌ڕێز وه‌زیرى دارایى و ئابوورى كرد و ڕایگه‌یاند "ناكرێ پێشبینیی ئه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ وه‌زیرێك ده‌توانێ له‌ ماوه‌ی ته‌نیا شه‌ش مانگدا، هه‌موو شته‌كان ڕێكبخاته‌وه‌، به‌ڵام دڵنیاین ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی به‌ڕێز وه‌زیری دارایى و ئابوورى ده‌ستی پێ كردووه‌، ڕاستن، بۆیه‌ ئێمه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تى و ته‌واوى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، هه‌موو پشتگیرییه‌كی ده‌كه‌ین و كه‌موكوڕییه كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانیش، په‌یوه‌ندییان به‌ به‌ڕێز وه‌زیره‌وه‌ نییه،‌ كه‌ له‌م‌ كابینه‌یه‌دا پۆسته‌كه‌ى وه‌رگرتووه". تیشكى خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ش كه‌ ماوه‌ی ڕابردوو هه‌ڵمه‌تێكی دژوار دژی به‌ڕێز وه‌زیرى دارایى و ئابوورى له‌ ڕاگه‌یاندن و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا هه‌یه‌، بۆیه‌ گوتى: "پشتگیری ده‌كه‌ین و دڵنیاین ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی ناویه‌تی، به‌ره‌و چاكسازی ده‌ڕوات.

به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ "قه‌یرانی دارایی وانه‌ و ده‌رفه‌تێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ خۆماندا بچینه‌وه‌ و چاكسازى بكه‌ین و بزانین كێشه‌ و كه‌موكوڕییه‌كانمان له‌ كوێین". هه‌روه‌ها له‌پێناوى سه‌ركه‌وتنى پرۆسه‌ى چاكسازى و ڕێكخستنه‌وه‌ى كاروباره‌كانى وه‌زاره‌تدا، داواى له‌ هه‌موو ڕاوێژكاران و به‌ڕێوه‌به‌رانى گشتى و به‌رپرسان و داموده‌زگاكانى وه‌زاره‌ت كرد به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك ببنه‌ هاوكار و پشتگیری له‌ هه‌نگاوه‌كانی به‌ڕێز وه‌زیرى دارایى و ئابوورى بكه‌ن. دووپاتیشى كرده‌وه‌ كه‌ چاكسازی پرۆسه‌یه‌كی درێژخایه‌نه‌ و كات و بڕیارى قورسى ده‌وێت و به‌ڕێز وه‌زیریش پێویستی به‌ ژینگه‌یه‌كه‌ بتوانێت كاری تیادا بكات، بۆیه‌ هه‌موو هاوكارییه‌كی ده‌كه‌ین. ده‌رباره‌ى بانگهێشتكردنى وه‌زیرانیش بۆ په‌رله‌مان، داكۆكى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێ له‌ ڕێگه‌ى‌ ڕێسا یاساییه‌كانه‌وه‌ و به‌ ڕه‌زامه‌ندیى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بێت.

لاى خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانیش، له‌ وته‌یه‌كدا جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ به‌ ته‌واوى پشتگیری له‌ وته‌كانی به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران و به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك پشتگیری له‌ به‌ڕێز وه‌زیر و وه‌زاره‌ت و داموده‌زگاكانی وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى ده‌كات. تیشكى خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ش كه‌ چاكسازی و نوێكردنه‌وه‌ ئاسان نییه‌ و ڕه‌خنه‌ له‌ وه‌زاره‌ت ده‌گیرێت و هه‌وڵی دروستكردنی كێشه‌ى بۆ ده‌درێت. هه‌روه‌ها داواى كرد هه‌مووان له‌ پرۆسه‌ى چاكسازیدا هاوكار و یارمه‌تیده‌رى به‌ڕێز وه‌زیر بن و بۆ ئه‌مه‌ش سوود له‌ شاره‌زاییى پسپۆڕانى بیانى وه‌ربگرن، بودجه‌ی 2015یشى به‌ ده‌رفه‌تێك بۆ چاكسازی له‌ قه‌ڵه‌م دا.

پاشان ژماره‌یه‌ك له‌ ڕاوێژكاران و به‌ڕێوه‌به‌رانى گشتى و به‌رپرسانى داموده‌زگاكانى وه‌زاره‌ت، كۆمه‌ڵێك دید و سه‌ره‌نجى خۆیان بۆ چۆنیه‌تیى سه‌رخستنى پرۆسه‌ى چاكسازى و نوێكردنه‌وه‌ى سیتسه‌مى كار و به‌ڕێوه‌بردن خسته‌ ڕوو. له‌ كۆتاییشدا به‌ڕێز وه‌زیرى دارایى و ئابوورى، سوپاسى پشتگریى به‌ڕێزان سه‌رۆك و جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانى له‌ وه‌زاره‌ت و هه‌نگاوه‌كانى بۆ چاكسازى، دووپات كرده‌وه‌.

 

 

 

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی